شاعیر: مەزڵووم
کتێب: دیوانی مەزڵووم
سەرناو: قەڵەم قوربانی نووکی خامەت بم
لەبارەی شیعر: پێغەمبەر

قەڵەم، قوربانی، نووکی خامەت بم
دیسان بە فیدای سەتری نامەت بم

بنووسە مەدحی شای خەیرولبەشەر
یەعنی محەمەد شەفیعی مەحشەر

بهێنە تەحریر سەڵات و سەلام
بۆ خۆی و ئەهل و ئەسحابی کیرام

شەوو و ڕۆژ دائیم سەڵات و سەلام
بنووسە نەعتی شای خیرولئەنام

لەبەر تۆ کردم دنیا و مافیها
بەڕو بەحرو ئاو، هەم باد و هەوا

تۆم کرد بە شافیع ڕۆژی قیامەت
شەفاعەت بکەیت خۆش بە لە ئومەت

بۆ موعجیزەی ئەو بەردی بێ گیان: 
هێنایە گوفتار هەر وەکوو ئینسان

ئەو موستەفایە دۆستی خوایە
لەبەر ئەو دنیاش هاتۆتە کایە

لە ڕۆژی حساب، ساحێب گوناهان
ئەکەیت شەفاعەت لە ڕۆژی دیوان

عاسی و خەتابار لە ئوممەتی تۆ
ئەبەخشێ لەبەر جۆشەویستی تۆ

خودا بە جاهی شای بۆراق سوار
خۆشبە لە جەوری مەزڵووم ی هەژار